e-mail

 

زه‌‌رده‌شت‌و ئاوێستا

په‌نده‌کانی رابه‌ندرانات تاگور

گه‌لێکی په‌ژمورده‌و نیشتیمانی په‌رت

دادگایی ئه‌نفال

گورگی ته‌ره‌

گۆڕه‌ جووله‌که‌

ماڵپه‌ڕی کوردی

ماڵه‌وه‌

 

زەردەشت ئۆستورە، ڕازە یان ڕاستیەکی مێژویی؟

مراد نەزەری / ماڵپەڕی ڕوانین 1/12/2009   


زەردەشت ئۆستورە، ڕازە یان ڕاستیەکی مێژویی؟( بەقەڵەمی مراد نەزەری)

لە ئاماژە کەمەکانی ناوئاوێستادا ناکرێ ڕێوشوێنی ژیانی زەردەشت بەڕوونی بەرچاو بخەین، بەڵام بەم حاڵەشەوە ڕاستی مێژوویی زەردەشت لەڕێگەی ئاماژەکانی ئاوێستا بە ڕووداوە مێژوویی و کەسایەتی بەرچاو و دەرەکیەکان دەسەلمێندرێ.
وەک ئاماژەکانی ئاوێستا بە((وئیپیە)) (ئەو شازادە بچووکەی کە لەوەرزی زستان پەنای نەدا)ی داوە.ھەر وەھا ئەوھەستە قووڵەی کە لە منھۆی گاساکان دایە بەڵگە و پڕنۆی مێژوویی یە و خوێنەر دوای خوێندنەوەی ھێندێک لە بەشەکانی گاساکان خێرا دەچتە ژێرکاریگەری نوسراوەکە. ئەو کاتەی کە زەردەشت لە ئاورەمەزنە دەخوازێ ھێندێک لە نھێنییەکانی ھای و ھەسی پەردەلادات ولەئاکام ودواڕۆژی خۆی وھێندێک لەم مرۆڤە شیڕەتانەی کە سەریان لێ دەسوێیە ناوە ئاگاداربێ.
بەشێک لە یەسنا بەمە دەس پێدەکات کە:(ئەی ئاورەمەزنە! ئەوەی لێت دەپرسم ڕاستم پێ بڵێ)، زەردەشت دەی ھەوێ بزانێ(( کێ ڕێگای ڕۆژ و ئەستێرەکانی داناوە)) ((کێ زەوی لەخوارەوە ڕاگرتوە و حاسمانی لەسەرەوە داناوە تا دانەڕمێ)) لەدوای ئەم بابەتانە لە بارەی ئافراندنە یەک لەدوای یەکەکان پرسیاری لێ دەکات بەم جۆرەشەوە دەی ھەوێ بزانێ چۆن ڕۆحی دەگاتە خۆشیەکی بێ کۆتایی وچۆن دەتوانێ درۆ لەخۆی دوورکاتەوە.
زەردەشت دەخوازێ تا بەڵگەی ڕوونی پێ شان بدات و زۆرتر لە ھەموو ئاواتەکانی دەڵێت:
چۆن دەگەم بە تۆ؟کەی نزاکانم بەجێ دێنی؟
لە درێژەدا دەڵێ: (( ئەی مەزنە! لەڕێی (ئەرتە) ڕاستی و فرسەند، بە ئەو دە ماینه و تاقەبارگین و وشترە کە بەڵێنیت پێ دابووم دەگەم؟))
زەردەشت لەبیری ناکات لە خوا بپرسێ ئیزای ئەم کەسەی کە بەراتی ناداتێ چییە؟
چون ئەو ئاگاداری(( دواڕۆژی ئەم جۆرەکەسانەیە))
تاوانی شیڕەت و ڕێزانەی دژکام لە دڵخەریکەی گرینگی زەردەشت بوون. لە شوێنێکی تر دەپرسێ:
((ئاورەمەزنە! ئەوەت لێ دەپرسم! ئیزای ئەو کەسەی ھێزی خراپەی لە ناخی دایە چییە؟))
لە شوێنێکی دی دەڵێت(( مەزنە ! چۆن بزانم کە تۆ لە درەوشەو ڕووناکاییەوە بەسەر ھەموان و بەسەر ئەوکەسەی منیان دە سوێ ناوە حوکم دەکەی؟))
زەردەشت لەمەڕ وەبرەوکەوتنی سەربڕانەی ئاژەڵان و کێشانی ھوم( جۆرێک گیا وەک حەیش سڕکەرە) لە ناو کۆمەڵگاکەی خۆنەگرە و دەڵێت: ( مەزنە ! کەی ئەم سڕکەرە تەرێفە لەناو دەبەی؟) ئەو ھیواخوازە ئەم ژیانە سەر لە نوێ دروست بکاتەوە بۆیە لە ئاورەمەزنە دەخوازێ، ڕاستەکان ھەر لەسەر ئەم دونیایە بەسەر ناڕاستەکان سەرکەوتوو بکات.
لەناو ھێندێک لە وتارەکانی زەردەشت ھەست بەوەدەکرێ کە ناتەوتینی و دڵەڕاوکێ بۆبەجێ ھێنانی خێرایی ویستەکانی دیار و بەرچاوە. (( مەزنە ! زاڵەی تۆ بۆ چییە؟ کام تاریف و نزات پێ باشە؟بڵێ تا ببیسن و ڕێزانەی فێرکردنەکانت بزانن.))
ھێنانی زۆر لە وردەکاریەکان بەتێر و تەسەلی لەپیرۆزترین بەشی ئاوێستادا ڕاست بوونیان بە لێک گرێدانی ھیزری دەبەستێتەوە و نوکووڵی و ھاشاکردن لە ڕاستی کەسایەتیەکی مێژوویی ڕەت دەکاتەوە.
ھەڵبەت ئەمە ڕاستیەکی حاشا ھەڵنەگرە کە مێژووی ژیانی زەردەشت لەچاخەکانی دواتر لەگەڵ ڕازەگەلێکی زۆر تێکەڵ کراوە بەڵام ھەروەکی گوتمان ئەم بابەتە،بابەتێکی زۆرئاشکرا و ناسراوە کە کەسایەتی بەرچاوەکانی مێژوو،بەتێپەڕ بوونی چاخ دەکرێن بە نمانەی دۆز(گەورەپیاو)و زۆریان بۆ تێھەڵدەشێلن.
لە سروودێکی فەروەردین یەشت لەپێوەندی لەگەڵ لەدایک بوونی زەردەشت بەجۆرێک کە بەڵێنی ھاتنی درابێ دەدوێ و دەڵێت:
(( لەکاتی لەدایک بوون و گەورەبوونی ، ئاو و گیاکان دڵخۆش بوون،لەکاتی لەدایک بوون و گەشەکردنی ئاو و گیاکانیش گەشەیان کرد.)) لە درێژەدا باس دەکات:(( لەمەبەدوا ئۆلی سپەھی و باشی مەزنە حەوت وڵات دەگرێتەوە.))
لەنوسراوەکانی دوایی ئۆلی زەردەشتی دا بەپوختی باس لە ھەربو و حاسمانی بونی زەردەشت دەکات. بەپێی ئەم منھۆ و نوسراوانە، زەردەشت لە نێو مێژوو و ناوەندی جیھان لەدایک بوە.
ئەو کاتەی دایکی ((خوارنە)) (دروشم،شکۆ،گەورەیی ومیرایەتی تایبەت کە لەلایەن ئاورەمەزنە بە پێغەمبەر یا پاشایەک دەگات) ی مناڵەکەی وەرگرت،تیشکێکی ڕوونی زۆر گەورە ئەوی گرتەوە بەجۆرێک کە سێ شەو و سێ ڕۆژ وا دەھاتە بەر چاوان کە ماڵەکەیان لە ئاگر دروست کراوە.
ھێسنی لەشی لە ئاسمانان ساز کراوە و لەگەڵ باران بەرەو ھەرد باریوە، چۆتە ناو گیاکان دوو مانگای ماڵە زەردەشت گیاکانیان خواردو شیری مانگاکان کە بە ھێسنی لەشی زەردەشت و ((ھوم)) تێکەڵ کرابوو دایک و باوکی خواردیانەوە بەم جۆرە بەھەوەڵ دەستێکەڵ کردنیان توخمی زەردەشت لەناو ھەلپەزوئاوەڵمنداڵی دایکی زەردەشت دروست بو.
پێش لەدایک بونی شەیتان وڕەموزنە بۆ لەناو بردنی ھەوڵیان دا بەڵام دەرەنجامێکی نەبوچون زەردەشت بە خوێندنی ھێندێک نزای تایبەت بۆ مەزنە ئەوانی لەناو برد، سێ ڕۆژ پێش لەدایک بونی گوندەکەیان وادەدرەوشاوە کە((ئیسپیتامید)) دەکان (کەس و کاری زەردەشت) بەو گومانە کە گوندەکەیان خەریکە دەسوتێ گوندیان چۆڵ کرد بەڵام کاتێ گەڕانەوە دیتیان ئەم شۆق و ڕووناھیە لە مناڵێک ھەڵ دەستێ، ھەر وەھا بە پێی نوسراوەکانی زەردەشتی زەردەشت بە پێکەنین و زەردە خەنە ھاتە سەرزەوی.
زەردەشت لە چوار((ور)) (ور وشەیەکی ئاوێستایی یە بەمانای، ئیمتحان، تاقیکردنەوە، سەلماندن کە بۆتە یەکێک لە نەریتەکانی ئۆلی زەردەشت و 33 بەشە ھەر وەک وری ڕۆن، وری ئاسنی سوورکراوە ھتد. بەبڕوای زەردەشت کەسێک بێ تاوان بێ ئەم شتانە کاریان لێ ناکات) دا بەسەرکەوتویی ڕزگاری بو بەم جۆرە ھەر لەسەرەتاوە دانستە وگەوشینی بژاردەیی بۆ ھەموان ئاشکرا بو.
لەو ڕوون کردنەوانە دا دوو تایبەت مەندی لەناو ئۆلی مەزنە دا دەردەکەوێ.
ھەوەڵ، پڕشنگ و ڕووناکیەکی ناسروشتی.
دووھەم،شەڕ و بەربەرەکانی زەردەشت لەگەڵ درنج و ڕموزنە.
سەنگاندنی ڕووناکی و نوور لەکاتی جەزم بوون تایبەت بە ئۆلی زەردەشت نییە و لەناو ئۆلی ھیندی کۆنیش ھەبوە بەڵام شەڕو بەربەرەکانێ لەگەڵ ڕموزنە و شیڕەت لەتایبەت مەندی ئۆلی زەردەشتە.
بۆ تاوتوێ و ڕاھێنانی بنچینەیی زەردەشت خێرا ئەم پرسیارە دێتە ناو مێشکمان کە ئاخۆ ڕاگەیێنە بنچینەکانی زەردەشت لەناو گاساکان بدۆزینەوە یا لەناو بەشەکانی تری ئاوێستادا؟
بە پێداگری لەسەر ئەم بابەتە کە بەھیچ چەشن ناتوانین بڵێین گاساکان ھەڵگری ھەموو ھەڤۆتن و ڕاھێنانی ئۆلی زەردەشتە، ھەروەھا ھێندێک لە منھۆ و نوسراوەکانی دوایی ئاوێستا تەنانەت لە دوایین ئاوێستای نوسراویش دا ڕاستەوخۆ ئاماژە بەوە دەکات و ڕوون کردنەوە لەسەر گاساکان دەدات و ئاشکرایە شی کردن و ڕوون کردنەوەی ڕەت و ھزری ئۆلێک بۆ ھەوەڵ جار کەلەدوایین نوسراوە داھاتوە بەو مانایە نییە کە کۆتایی بەو ڕەتە ھاتبێ.
ئەوەی جێی سەرنج و گرینگی دانە جۆری سەنگاندنی تایبەتی ئۆلی زەردەشتە. دەکرێ سەنگاندنی ئۆلی زەردەشت لەگەڵ ئۆلی باوی ناو شەمەنەکانی ئاسیای ناوەڕاست بەراوردبکەین بەڵام ئەم بۆچوونەش خۆی جێی گومانە و ھێندێک توێژەر ڕەتی دەکەنەوە.
لەھێندێک لێگێڕانەوە ھاتوە کە ویشتاسپ بۆ گەیشتن بە جەزم بوون بەنگ و جەرسی خواردوە و لەوکاتەی کە لەشی بەرەو تەزین چووە ڕۆحی بۆ باشترین شوێنی بەحەشت فڕیوە. جگە لەمە، بەپێی لێگێڕاوەکانی ئاوێستا ، زەردەشت بڕوای بە لوول و جەزم ھەبو چون تەنیا لەم دۆخەدایە کەدەتوانی بگەیە ھێندێک دیناو و وتەی ئاورە مەزنە ببیسێ لەلایەکی ترەوە ناوی((گئورودمنە)) ( بەمانایبەرزترین ماڵی سرود لە بەحەشت) ئاماژەیەکە بۆ گرینگی سرود لەناو ئۆلی زەردەشت دا.
بۆ نمونە موڕتازەکان بەخوێندنی سرود بۆ ماوەیەکی زۆر جەزمدەبن ھەڵبەت ئەم جەزم بونە لەناو دەروێشەکانی خۆمانیش ھەر ماوە کە بەخوێندنەوەی ھێندێک نزا بەم دۆخە دەگەن بۆیە ناشێ بگوترێ ھەر ئۆلێک کە نزاو سرودی لەگەڵبێ تایبەتی شەمەن( بت پەرست، مڕتاز) نەکانە.
سەفەری ئەرداویراڤیش بۆ بەھەشت ودۆزەخ جۆرێک چوارچێوەی شەمەنی ھەیە. ھێندێک ئاماژەھەن کە[ منھۆی مەزنەیی] کە باس لە قرتانی بەشێک لە جەستەو سەر لە نوێ دروس بونەوەی لەناو منھۆی دەوری دوایی دەدیترێت کە ڕەنگە لە کاریگەری دەرەکی(ئاسیای ناوەڕاست) بوبێ.
ئاشکرایە کە زەردەشت لە شێوازی جەزمی مڕتازی ھیندی و ئاری (سەکاکان ئیمپڕاتۆریەکن کە لە سەقزی ئێستا حوکمیان کردوە و ھیندوو)ئاگاداری ھەبوە ھەروەھا ناشێ ئەم لێگێڕانەوانەی کە لەبابەت جەزم بونی ویشتاسپ وکێشانی بەنگ و جەرس گوتراوە نەتێوو ڕەت بکەینەوە.
بەھەمووی ئەمانەشەوە جۆری جەزم بوون کە لەناو گاساکان و ھێندێک لە بەشەکانی تری ئاوێستاداھاتوە چوارچێوەی شەمەنی نییە بەڵکو ھەستی دیناو و دیتنی زەردەشت وەک بابەتی ھاوشێوە لە ئۆلی ترە. جۆری پێوەندی زەردەشت لەگەڵ خوا و ڕاھێنان و ھەوساندنی کە بەردەوام و بێ پچڕانە ڕایدەگەیاندبەھیچ جۆرتایبەتمەندی شەمەنی نییە.
لەھەر شوێنێک کە زەردەشت بوژاوەو گەشەی کردوە بەو ڕادەیەش جەزم لەناو ئۆل و شوێنکەوتۆکانی کاریگەربوە بەڵام جەزم لەجۆری شەمەنی بەشی سەرەکی ئۆلی مەزنەیی نەبوە و سەنگاندنی ئۆلی مەزنەیی، ئاکام و دەرەنجامی ئاکاری ئۆلە کە بەھیوای ژیانی دواڕۆژ کراوە.
لە ئۆلی زەردەشت مرۆڤ لە ھەڵبژارتنی چاکە یا خراپە سەربەستە. زەردەشت فێربونی ئۆلی نوێی ڕاستەوخۆ لە ئاورە مەزنە وەردەگرێ و بە وەخۆ گرتن و چاو لێبڕین لە خوا چاکەھەڵ دەبژێرێت.
ئۆلی زەردەشت لە مرۆڤ دەخوازێ شێوەی ھەڵسوکەوتی ئاورەمەزنە ڕەچاو کەن بەوەشەوە لەھەڵبژاردنەکە سەربەستن بۆیە
شوێن کەوتوانی ئۆلی زەردەشت ھەست ناکەن کە کۆیلەو لێزی خوان.
لەناو گاساکان ئاورەمەزنە باشترین و بەرزترین شوێنی ھەیە.ئەو سپەھی وپیرۆزە و جیھانی بەو ھزرەوە دروس کردوە کەئەمەش لەگەڵ بیرۆکەی ( دروس کردن لە نەبون) لەیەک چوونیان ھەیە.زەردەشت ڕای دەگەیێنێ کە بە ھزرکردن و ڕامان بەمە گەیوە کە ئاورەمەزنە دەسپێک و کۆتایی ھای وھەسییە.
لەکن ئاورەمەزنە کۆمەڵێک لە ھەمگەلی نەبین بە ناوی (ئەمشاسپندان)ھەن کە بریتین لە: ئەشە( ڕاستی، فرسەند)،وھومنە(بیری جوان) ئارمیتی(دژکام)، خشترە(شاڵیار، ھێز)، ھئوروتات(گەورەیی) و ئەمرتات(نەمری).
زەردەشت لەلای ئاورەمەزنە ئەمشاسپندان مەتح دەکا و یارمەتیان لێ دەخوازێ.
ھەر وەک لە گاساکان دا دەڵێت: ئەی مەزنە ! ئەی بەتواناترین! ئەی ئارمیتی! ئەی (ئەشە)ی ڕووناککەری جیھان! ئەی کردەوەی باش،ئەی شاڵیاری بەھەشت!گوێم لێ بگرن لەو کاتەی پاداشت و ڕێزانەی ھەر کەسێ دەدەنەوە، لێبوردەییتان لەگەڵ من ھەبێ.
ئاورەمەزنە باوکی ھەمگەلی جۆراوجۆر وەک:(ئەشە،وھومنە،ئارمیتی) و باوکی ڕۆحی لف وھامزای سپنتەمینو( ڕۆحی دایندە)، بەو مانایەشە کە ئەو بۆتە ھۆی خویا و پەیابوونی ھامزای ئەنکرەمینو( ڕۆحی وێرانکەر).
لەیەکێ لە گاسابەناوبانگەکان ھاتوە کە ئەم دوو ڕۆحە، لەدەسپێکی دروست بونی جیھان بۆخۆیان ھەڵیان بژاردکە:
یەکێ چاکە و ژیان، ئەوی تر خراپە و نەمانی ھەڵبژێرێت.
لەدەسپێکی دروست بوونی جیھان، سپنتەمینو(ڕۆحی دایندە) بە مینوی وێرانکەر(ئەنگرەمینو) دەڵێت:ھەم گەد، ھەم حاملاندن، ھەم ھزر، ھەم بڕوا، ھەم لێدوان، ھەم کردەوە،ھەم ئۆل و ھەم دەروونمان لەیەک جودان.
ئەم وشانە نیشاندەری ئەم ڕاستیەن کە یەکێ پیرۆزو خاوێنە ئەوی تر پیس و تەرەسە ئەویش بەپێی ھەڵبژاردەی سەربەستانە نەک بەپێی ھەبونی لەیەک جیاوازن.
خواناسی زەردەشت بەمانای ڕاستەقینەی وشە بەمانای دوو خوایی نییەچون تەنیا بڕوای بە ئاورە مەزنە ھەیە نەک خوایەکی تر. لەسەر ئەم بڕوایەیە کە دژایەتی لەنێوان دوومینو(ڕۆح) لەپڕدەرکەوتوە.لەلایەکی تر لە جێگەی جیاجیا[لەناوگاساکان] بەیەک گرتویی لەنێوان ئاورەمەزنە و ڕۆحی پیرۆز(سپنتەمینو) ئاماژەی کراوە.
چاکە و خراپە، ھەبووی پیرۆز و درنجی خاپوورکەر،سەرچاوەکەیان لە ئاورەمەزنەیە بەڵام لەوجێیە ئەنگرەمینو سەربەستانە چۆنێتی ھەبوون و ئیشی ھەڵبژاردوە. لەلایەکی ترەوە ئاورەمەزنە ھەرچەند بەزانستی خۆی لەسەرەتاوە دەزانێ مینو(ڕۆح) چ ڕێگەیەک ھەڵ دەبژێرێ بەڵام پێشی ناگرێت.
ئەم بڕوایە بەو مانایەیە کە گەورەیی خوا لەسەرووی ھەموو چاکەوخراپەکانە یا ئەوەی کە ھەبوونی خراپە بۆ گەشانەوەی سەربەستی مرۆڤ پێویستە.
دوزەنەی ھزری، دووکەرتی و دوو جەمسەری پێش وارە وخواستی ئۆلی زەردەشتە. دوزەنەک کە لەسەر بنەمای دوانە و یاقیدە بە جووتی دژبە یەکە، دوزەنەک کە زۆرتر و پتر لە ھەموان لە پێوەندی لەگەڵ شیڕەت وڵامێکی داوەتەوە بەڵام زەردەشت بۆ بابەتی شیڕوەت کە لەسەرەتای ڕای مرۆڤ گوتراوە مانای ئاکار و ئۆلی نوێی ھێناوەتەوەگۆڕ.جیایی تازە و ھەربوو لە نێوان چاکە و خراپە مرۆی ھەڵبژاردەیە کە ئاورە مەزنە دەسپێکەری بوە و دوو ڕۆحی ھامزا،ئەشە(ڕاستی) و ئەوی تریان درۆج(درۆ) ی ھەڵبژارد.
چون ڕەموزنە( خوای ئۆلی ئاری کۆن) خاپانن(ناڕاستی) ی کردبو بەپیشەی خۆی زەردەشت لە تابون و پێ گرتی خۆی خواست کەچیتر مەتح و ڕەوشی ئەم خوایانە نەکەن و لە ھەوەڵ ھەنگاو دەس لە سەربڕانەی ئاژەڵان بۆ ڕەموزنە ھەڵگرن. بۆیە ڕێزلێنان لە ئاژەڵان بەشێکی گرینگ لە ئۆلی مەزنە پەرەستییە و شەڕی نێوان جوتیاری نیشتەجێ (مانا) و ڕەوەندەکان دەو بڕیارەدا ڕەنگی داوەتەوە.
بەڵام ئەو دژایەتییەی کە زەردەشت باسی لێ دەکات زۆر بەرفرەوانتر بو و کۆمەڵگاشی دەگرتەوە چون زەردەشت نوکووڵی بەشێک لە ڕستک و دیژە ومەزەبی ئاری کانی دەکرد.
زەردەشت ( جەم )کوڕی ویونگھانی یەکێ لەتاوان باران دەزانی،(ھمو) بۆ دڵخۆشکەری خەڵک خواردنی گۆشتی ئاژەڵانی فێر کردن، زەردەشت لەبەر ئاورەمەزنە دەپاڕێتەوە ئەوکەسانەی ھوم(سڕکەر) فێری خەڵک دەکەن لەناو ببات. بەو حاڵەشەوە توێژینەوەکانی ئەم دواییە دەری خستوە کە ڕاھێنەکانی مەزنە پەرستی تەنانەت لەناو بەشی گاساکان نیش کێشانی ھوم و پەرستنی میھر بەتەواوی ڕەت نەکراوەتەوە. لەلایەکی ترەوە سەربڕانەی ئاژەڵانیش لەناو خەڵکی ڕەمەکی ھەروا بوونی ھەبو و دەستیان لێ ھەڵ نەگرتوە.
لەوەی کە زەردەشت بە شوان دەشوبھێندرێت ناتوانین بەم دەرەنجامە بگەین کە ڕاگرتن و بەخێوکردنی ئاژەڵ ئەرکی ھەر مەزنە پەرەستێک بێ .ھەر لەکۆنەوە باسی شوان و مەڕ لەخۆرھەڵاتی نزیک و ھیند بۆ ڕەپاڵدانی سپایی و گجە دەکار ھاتوە و ئێستاش ھەر لەسەر فێتی کۆن ماوە، بۆیە دەتوانین بڵێین مێگەلێک کە زەردەشت شوانیان بوە شوێنکەوتوانی ڕاستەقینەی (ئۆل خاس) بن.
بەدڵنیاییەوە زەردەشت ھاوکات لەگەڵ ھێنان و گۆڕینی ئۆل زۆربەی بڕوا و ھزری کۆنی قەبووڵ کرد بەڵام سەر لە نوێ بایەخی بۆو بڕوایانە داناوەتەوە.
بۆ نموونە: ئەو بڕوای ھیند و ئاری کۆنی لەپێوەندی لەگەڵ سەفەری مردۆکان(ژیانی دوای مردن) قبووڵ بو بەڵام بۆ(ناوبژیوانی دوایی) گرینگی زۆرتری داناوە و پێداگری دەکرد کە دەبارەی ھەر کەسێ بەپێی ھەڵبژاردیەکی کە لەسەرھەرد کردویەتی دەبێت و بەحەشت((گرزمان))(ماڵ وشوێنی سرود خوێندن واتا بەرزترین شوێک کە ئاورە مەزنە لەوێیە و لە دینی ئیسلام بە عەرشی ئەعلا ناسراوە) ڕاست کردەوەکان لەوێ دەبن و تاوان بارو گوناھکاران بۆ ھەتا ھەتایە لە((کنام درۆج)) ( توون وجەھەندەم) دەمێننەوە. ئەم دوو تاقم و بڕە بەسەر پردی(چینوەت) دا دەپەڕنەوە لەم ڕێڕەوەدا باشەکان لە خراپە کاران جوێ دەبنەوە. زەردەشت خەڵک لەم ڕێڕەوە چارەنووس سازە ئاگادار کردۆتەوە و دەڵێت:
ئەو کەسانەی ئاورە مەزنە دەپەرەستن ، من لەم ڕۆژەدا پێشەواتانم وھەموان لە پردی چینوەت ( جوداکەرەوە) دەپەڕێنمەوە.
.
ئاورە مەزنە یا هۆرامه‌زنه : من دوو بۆچونی جیام سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ هه‌یه : هه‌وه‌ڵ ئه‌هۆر یا هۆر به مانای خۆر ، هه‌ڵایسان و ئاگره. ھەر لەسەرەتای دۆزینەوەی ئاگر بەدەس مرۆڤ ئاگر بە شتێکی نائاسایی و پیرۆز کە مرۆڤ لەسەرما و سه‌خڵه‌تی دەپارێزێ سەیر کراوە بۆیە لە ئۆلی میتراییش پیرۆزی و گەورەیی تایبەتیان بە خۆر کە ئاگرە داوە. لەدوای ھاتنی ئیسلامیش بەھەڵە ئاگر پەرەستیشیان پێ گوتون، کەوابو ئاورە مەزنە یانی مەزن ترین ئاگر ئەویش خۆی بە واتای گەورەترین و بەھێزترین کەس واتا خوایە.
دووهه‌م: هۆرامه‌زنه ، هۆرا به مانای زات و مه‌زنه به واتای گه‌وره‌ییه کۆی گشتی به مانای زاتی مه‌زن یا زاتی گه‌وره‌یه.
زه‌رده‌شت : زه‌رده‌شت له بنچینه دا زه‌رته‌ش بووه که به تێپه‌رینی چاخ سواوه‌ته‌وه‌ و بۆته زه‌رده‌شت ، زه‌رد به مانای ره‌نگی زه‌رده و ته‌ش به مانای ئاگره کۆی گشتی مانایه‌که به واتایی ئاگره زه‌رده‌یه و زه‌رته‌شتی یانی که‌سێک که په‌یره‌وی ئه‌م نه‌ریته بێت ، پیرۆزی ئاگر لای زه‌رته‌شتیان به‌م هۆیه‌یه چۆن له‌سه‌ر ئه‌م بروایه‌ن هه‌سی خوا له ئاگره.
ھوم: دە ئاوێستا دا ھوم و سوم ھاتوە دەگاساکانیش دووجار باسی لێ کراوە کە جۆرە گیایەکە بە کێشانی مرۆڤ سڕدەکا و کێشانی بەتوندی ڕەت کراوەتەوە کەچی لە دوایین کتێبەکانی ئۆلی زەردەشت وەک (ھاتھا) بە شتێکی باش ناویان ھێناوە
سپنتمان: ناو و ناسناوی زەردەشت دەناو گاساکان دا بە (سپنتما) ھاتوە کە ئەمڕۆکە بە سپنتمان یا ئەسپنتمان ناوی دێنن و بەمانای ڕەگەزی سپی یا بنەماڵەی سپییە.( ڕەنگە بەھۆی نوری کە لەکاتی بوون لێی ھەڵسا ئەم ناوەیان لێ نابێ)
ور: لە وشەی ئاوێستایی ورنگە بەمانای( ھێچاندن،ئیمتحانکردن،جەڕبین و تاقی کردن و سەلماندن) ھاتوە. ور ھێدی ھێدی بۆتە یەکێ لە دابی ئۆلی زەردەشتو 33 بەشە ھەروەک:ور ڕۆن، ور ئاسنی تووز و داخ و
لەسەر بڕوای زەردەشت کەسێک بێتاوان بێ ئەم شتانە کاری لێ ناکەن.
شەمن: لە وشەدا بە مانای مڕتاز و بەمەلای ئۆلی بودا، بڕەھمایی و بت پەرستەکان دەوترێت.بەبڕوای ھێندێک خەڵکی ئاسیا شەمن ھێزی کاریگەری بەسەر ڕۆحی چاکە و خراپە دا ھەیە
مئینو: وشەی ئاوێستایی مئینو بەمانای ڕۆحە دەکرێ مانای بەھەشتیش بدات.
گرزمان: گرزمان ،گروتمان یا گرودمان دە وشە دا بەمانای ماڵی سرودە و بەرزترین شوێنە کە ئاورە مەزنە لەوێیە و ھاوتەریبە لەگەڵ (عەرشی ئەعلای ئیسلام).


>>>  گه‌ڕانه‌وه  <<<