e-mail

 

زه‌‌رده‌شت‌و ئاوێستا

په‌نده‌کانی رابه‌ندرانات تاگور

گه‌لێکی په‌ژمورده‌و نیشتیمانی په‌رت

دادگایی ئه‌نفال

گورگی ته‌ره‌

گۆڕه‌ جووله‌که‌

ماڵپه‌ڕی کوردی

ماڵه‌وه‌

 

ڕستێک له‌په‌ند‌و هه‌ڵبه‌سته‌کانی تاگوور

 

خودا‌!

نه‌مکه‌ی بە کوژه‌ر تا به‌رخ سه‌ربڕم..

نە‌ به‌ به‌رخ تا کوژه‌ر سەرمبڕێت

ڕامهێنه ‌به‌وه‌ی ڕاستگۆبم له‌ڕووی زۆردار.. نەک هه‌رزه‌گۆ تا کەسانی لاواز چه‌پڵه‌م بۆ لێدەن

سامانم ده‌ده‌يتێ شاديم لێمه‌بڕه‌.. ‌هێزم پێدەبەخشیت لەهۆش دامەبڕە

کاتی سەرخستنم هه‌ستی له‌خۆبووريم لێمەبڕە‌

که‌ به‌هره‌ی لەخۆبووریم پێده‌به‌خشیت.. ڕامهێنه‌ به‌وه‌ی پايه‌و ڕێزی خۆ له‌ده‌ست نه‌ده‌م..

ڕامهێنه‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ی که‌سانی ترم وه‌کخۆم خۆشبوێت‌..

ڕامهێنە بەوەی سه‌رزه‌نشتی خۆمکه‌م به‌ر لە که‌سانیتر..

يارمه‌تيمده‌ پشتی وێنه‌کان ببينم..

هه‌رگیز نه‌هيڵیت له‌سەر جیاوازیی بۆچوون تاوانی بێئەمەکی بخه‌مه‌پاڵ نه‌یارانم..

ڕامهێنە لەسەر ئەو بیرەی ليبوردن به‌رزترين پايه‌ی هێزه‌.. و

حه‌ز به‌ تۆڵه‌ سه‌ره‌تای‌ هه‌نگاوە به‌ره‌و لاوازی..

هه‌رگیز ڕێنه‌ده‌یت به‌ سه‌رکه‌وتن باييبم..

يان نشوستی وره‌م پێبه‌ردات..

هه‌ميشه‌ ئه‌وه‌م له‌يادبێت که سه‌رنه‌که‌وتن يه‌کهه‌م پایه‌ی ئه‌زموونه‌ بەرەو سه‌رکه‌وتن.

کە لە سامانم بێبەش دەکەیت.. بەهرەی ئاواتم لێمەنڕە

کاتێ نشوستی هەندە‌ هێزی بەرەنگاریم پێبهێڵه‌ زاڵمکات به‌سه‌ر کۆسپه‌کاندا..

کە له‌ به‌هره‌ی ته‌ندروستيم بێبه‌ش دەکەیت.. به‌هره‌ی باوه‌ڕم پێبهێڵه.‌

کاتی خراپیم کرد بەرانبەر که‌سێک، هه‌نده‌م ئازاکه ‌لێبوردنی لێ بخوازم..

کە کەسێک خراپه‌م بەرانبەر بکات، هه‌نده‌م ئازاکه‌ لێی ببوورم.

خودايه‌!

ئەگەر تۆم له‌بيرکرد، تۆ من له‌بير مه‌که‌..

 

~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~

 

گفتوگۆ له‌گه‌ڵ خودا

له‌خه‌وێکدا، له‌گه‌ڵ خودا ده‌دوام ...

خودا پرسی: ده‌ڵێی ئاره‌زووی گفتوگۆت هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ من؟

گوتم؛ به‌ڵێ... ئه‌گه‌ر ئێوە کاتتان هه‌یه‌؟

خودا پێکه‌نی‌و فه‌رمووی: کات له‌لای من بێپايانه‌ ... باشه‌، چی له‌مێشکی تۆدا هه‌یه‌ لێمی بیپرسیت؟

پرسيم: چشتێکی مرۆڤ ئێوه‌ سه‌رسام ده‌کات؟

فه‌رمووی: ئه‌وه‌ی هەر لە بارو دۆخی منداڵيدا ده‌مێنن! ... چونکه‌ نه‌خۆش له‌دایک ده‌بن!

زۆر بەهەڵپەن تا گه‌وره‌دەبن، به‌ڵام پاشان ئاره‌زووده‌که‌ن منداڵ ببنه‌وه‌!

ئه‌وه‌یش که‌، بە هەڵپەن بۆ پارە... ته‌ندروستی خۆ له‌ده‌ست ده‌ده‌ن...  پاشان خه‌رجیده‌که‌ن تا دووباره‌ ته‌ندروستیی پێبکڕنه‌وه‌!

به‌وه‌يش که‌ له‌پێناو ئاينده‌دا ڕۆژ گاریانفرامۆش ده‌که‌ن، ده‌رئه‌نجام نه‌ژيانی ڕۆژيان دابين بووە نه ئاينده‌!

ئه‌وه‌يش که‌ به‌جۆرێک ده‌ژين، گوايه‌هه‌رگيز نامرن‌و که‌ ده‌مرن وه‌ک ئه‌وه‌یه‌ هه‌رگیز نه‌ژيابن!

پاشان خودا به‌هه‌ردووک ده‌ست ده‌سته‌کانی گرتم

پاش ماوه‌يه‌ک بێده‌نگی دووباره‌ پرسم: باشه‌، وه‌ک باوکێک، چی ئاره‌زووده‌که‌یت نه‌وه‌کانت فێريبن؟

فه‌رمووی: با له‌وه‌ بگه‌ن که‌ ئه‌وان ناتوانن که‌س به‌زۆر بکه‌نه‌ ئه‌وينی خۆ، به‌ڵکو ته‌نها ده‌کارن هه‌ل بڕه‌خسێنن بۆ که‌سانێک بە ئارەزوو ببنه‌ دوست.

با بزانن که‌ خۆ به‌راوردکردن له‌گه‌ڵ که‌سانی تر نابه‌جێيه‌

بزانن که‌ ده‌کرێت به‌ته‌نها چه‌ند چرکه‌یه‌ک برينی قووڵ له‌دڵی که‌سانی دۆستدا هه‌ڵکه‌نن، به‌ڵام ساڕێژکردنی ئەو برینە ساڵانی ده‌وێت!

بزانن که‌ ده‌وڵه‌مه‌ند که‌سی خاوه‌ن سامان نييه‌، به‌ڵکوو ئه‌وکه‌سه‌یه‌ که‌ به‌که‌مترين قايله‌!

بزانن که‌ زۆر هەن حه‌ز به‌دۆستايه‌تیی ئه‌وان بکەن... به‌ڵام نازانن چۆن هه‌ستی خۆیانیان بۆ ده‌ربڕن

بزانن که‌ ده‌کرێت دوو که‌س وه‌کیه‌ک له‌خاڵێک بڕوانن، به‌ڵام هه‌رگيز وەکیەکی نابينن

بزانن که‌ مه‌رجنییه‌ ئه‌وان ته‌نها له‌ که‌سانیتر ببوورن، به‌ڵکو پێویسته‌ سه‌ره‌تا له‌خۆ ببوورن

ئه‌وجا من به‌درووده‌وه‌ گوتم: من سپاسی ئه‌و گفتوگۆيه‌تان ده‌که‌م. ..ئايا هیچ ماوه‌ بتانه‌وێ نه‌وه‌کانت فێریبن؟

خودا به‌زه‌رده‌خه‌نه‌يه‌که‌وه‌ گوتی: ته‌نها ئه‌وه‌بزانن که‌من له‌ئارادا هه‌م، هه‌ميشه‌.

  

~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~

 

هه‌رکات قاقا تبيست

فرمێسکی منت دێته‌وه‌ياد...

کاتێک سته‌م ده‌بينيت

ئه‌مه‌گی منت دێته‌وه‌ياد...

هەرکات هه‌ست به‌جه‌وری مرۆڤ بکەیت

به‌زه‌يی منت دێته‌وه‌ياد

*****

ده‌گريت

هه‌روه‌ک من له‌پێشدا گريام

خۆ ئه‌گه‌ر ڕۆژگاريش  تۆ تڕۆ ئه‌کا ت

بەوجۆره‌ی منت تڕۆکرد

پێشێلی کۆمه‌ڵ ده‌بیت

وه‌کئه‌وه‌ی تۆ منت پێشێل کرد

*****

ئه‌وه‌ن پێشبينيەکانم ...

هەی کيژۆڵه‌ی زه‌بوون

یاخوا وا نه‌بن...

خوابکات، له‌يادی تۆدا نه‌مێنم

چونکه‌ ياده‌وه‌رييه‌کانی من ...

دەبنە لێشاوی زووخاو بۆت‌و هه‌ناسه‌ی سار

 

~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~

 

له‌به‌ره‌به‌ياندا

ده‌نگی چارۆکه‌ی که‌شتیه‌که‌ی تۆ له‌خه‌وی کردم...

خانمی هاوگه‌شت

پێم له‌زه‌وی بڕی تا به‌و شه‌پۆلانه‌ بگه‌م، که‌ سه‌رنجیان کێشاوم

له‌تۆ ده‌پرسم:

ئایا بەرهه‌ی خه‌ونه‌کانی من له‌و دوورگه‌يه‌ دێنه‌دیی، یان

ده‌که‌ونه‌ پشت ئاسمانی ئه‌رخه‌وانی؟

به‌رانبه‌ر به‌و پرسه‌ی من،

زه‌رده‌ی بزه‌ت، وه‌ک زه‌رده‌ی ڕووناکی سه‌ر شه‌پۆل،و

تارمايی پاش خۆری پڕ له‌ گرمه‌و ڕه‌هێڵه‌ی به‌سه‌رچوو ...

ڕه‌شه‌باو گێژه‌ڵووکه‌ هه‌رجاره‌ی لايه‌کی ده‌گرت،و

ده‌ريا ده‌یناڵان

له‌تۆم پرسی:

ئایا، خولی ئه‌و خه‌ونانه‌ی تۆ له‌کوێوه‌ دێن؟! که‌ پاش گيانه‌ڵای ڕۆژ،

وه‌ک کووره‌ی مردوو ده‌کوژێنه‌وه؟

به‌ڵام ورته‌م له‌تۆ نه‌بیست، هه‌ر به‌ته‌نها

چاوه‌کانت، چه‌شنی پێڵووی هه‌وری خۆرئاوا ...

پێده‌که‌ني

وا شه‌و داهات، ده‌بینم

تارمایی تۆ به‌ره‌و قووڵایی ده‌چۆڕێته‌وه‌،

پرچت ...

له‌گه‌ڵ شنه‌ی بادا،

ختووکه‌ی سه‌رگۆی  ڕوومه‌ته‌کانی من ده‌دات،

بۆنه‌که‌یشی ...

خه‌مه‌کانم ده‌له‌رزێنێت.

که‌ چمکی کراسه‌که‌ی تۆم گرت،

لێتم پرسی:

ده‌ه‌شێت باخی مه‌رگت له‌پشت ئه‌و ئه‌ستێرانه‌بێت، ئه‌ی خانمی هاوگه‌شت...

وا به‌ ئاوازی بێده‌نگی تۆ ده‌گه‌شێته‌وه؟

به‌ڵام دەبینم ورشه‌ی بزه‌کانت له‌نێو بێده‌نگی شه‌وی مه‌نگدا...

ده‌بنه‌ ئه‌ستێره‌ی نێو تارمايی نيوه‌شه‌و.

 

~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~

 

نامه

له‌خه‌و هه‌ستام بينيم  لەگەڵ بەیاندا نامه‌یەکم بۆ هاتووه

له‌ناوه‌ڕۆکی ناگه‌م، چونکه‌ بۆم نه‌ڕه‌خساوه‌‌ فێری خوێندنبم.

نایشچمه‌ لای ئه‌و پياوه‌ زانايه‌ی ‌خولیای په‌رتووکه‌،

هه‌رگيز سه‌ری نايه‌شێنم

به‌ڵام ئایا ئه‌و له‌م نامه‌يه‌ ده‌گات؟

با له‌ ته‌وێڵی خۆمی بخشێنم،و

له‌سه‌ر ئه‌و دڵه‌ی خۆمی گيرکه‌م

تا بێده‌نگی شه‌و دادێت،و

ئه‌ستێره‌کان يه‌ک له‌دوای يه‌ک ...

دەکشێن ...

نامه‌که ده‌خه‌مه‌ سه‌ر ئه‌ژنۆم،و بێده‌نگ ...

له‌وه‌ ده‌گه‌م چۆن په‌یبه‌رم به‌وه‌ی لێی ده‌گه‌ڕيم،

به‌ڵام ...

وەک به‌وه‌ نه‌گه‌یشتم که‌ تامه‌زرۆی زانينی بووم،

ئه‌و نامه‌يه‌...

کە بۆیشم نەخوێنرایەوە ...

باری ده‌روونیی منی سووک کرد،و

ئه‌ندێشه‌کانی لێکردم به‌گۆرانی

 

~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~
 

به‌که‌ناری ڕێدا

تۆ به‌که‌ناری ده‌ريادا ڕوه‌و په‌رستگای دوور ده‌چیت؛

منی دره‌خت ...

به‌سێبه‌ره‌که‌م ...

جه‌سته‌ت ماچده‌که‌م.

بمهێڵه‌ ئه‌ی په‌رستيار،

ببمه‌ هاوکار بۆ به‌شێک‌ له‌ کۆششه‌که‌ت.

له‌که‌ناری ڕێدا ...

ده‌بمه‌ دیده‌ر له‌سه‌ر گه‌شته‌که‌ت،

لەکاتی په‌رستندا، که‌ ده‌گه‌یته‌ پاڵ گوڵ،

ئەوکاتەی به‌شێک له‌منی ئاوێتە ده‌بێت.

هەرکوێی ڕه‌ق‌و ودڕبێت

که‌مێک نه‌رم دەبێت

هەرچیشی په‌نهان‌و دووره‌

به‌ که‌مێک فه‌ڕی سه‌وزی من...

ڕوواڵه‌تێ ڕوون وەردەگرێت.

هەرکات کەسێتی خۆتم بۆ ئاشکراکه‌یت ...

ڕەوتی  خۆت ده‌دۆزیته‌وه‌، و به‌ به‌هره‌کانت...

وردەوردە کورتدەبنەوە

بەده‌نگی ئه‌وه‌ی خۆیی به‌خت کردووی

بڕگه‌کانم دێنه‌ له‌رزین،

له‌به‌ر چزووی گڕه‌ی خۆری نيوه‌ڕۆ،

سروودی ئه‌و نوێژه‌ ده‌ڵێنه‌وه‌ که‌ له‌ناخی تۆدا هەڵدەقوڵێت،و

منیش سوودی به‌هرەکانم ئاوێته‌ی نوێژه‌کانی تۆ ده‌که‌م.

کاتێکیش ڕۆژ تێکەڵ بەشه‌و ده‌بێت

دواساتی گه‌شته‌که‌ته‌...

من لێره‌ تەنیا ده‌مێتم، چونکه‌ فرمانم نامێنێت،

هه‌ر ئه‌وينی ئه‌م ڕێگه‌يه‌، له‌دڵی مندا ده‌مێنێت‌، و

من له‌مێشکی تۆدا وه‌ک بيره‌وه‌ری هه‌ر ده‌مێنم‌،و        

له‌پێناو تۆدا، شادمان،

هه‌رچيم هه‌يه‌ ده‌يبه‌خشم!

 

~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~
 

باڵه‌کانت مه‌قووچێنه

ئه‌گه‌رچی وا ئێواره‌ له‌ کشاندایه‌،

به‌نووزه‌‌و خاو،

وه‌ک ئه‌وه‌ی به‌ ئاماژه‌یه‌کی،

گۆرانييه‌که‌ت پێ ببڕێت؛

ئه‌گه‌رچی، تۆ له‌ئاسمانی بێپاياند ته‌نيا ماویت،و

له‌شت ماندوو،

له‌وه‌ده‌چێت ‌به‌ورته‌ی خێرا

نوێژێکی بێده‌نگ

به‌ره‌و ئاسؤی نادیاری پشت په‌رده‌کان ئاراسته‌ ده‌که‌یت ــ

ئه‌گه‌رچی، وا تاريکی گشت گیتی داده‌پۆشێت،

ئه‌ی مه‌ل، مه‌له‌که‌ی من،

باڵه‌کانت مه‌قووچێنه

 

~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~

 

گۆرانی هه‌ڵبه‌سته‌وان

ئه‌وکاته‌ی گيتاره‌که‌م له‌سه‌ر ئاوازی پچڕ ڕاده‌هێنا،

تۆ له‌هه‌ستی من دووربوویت،

چۆن بزانم،

گۆرانييه‌کانم، هه‌ڵپه‌ی لای تۆيانه،

له‌وکه‌ناره‌ نادياره‌؟

هه‌ر که‌لێم نزيک بوويته‌وه،

گۆرانييه‌کانم که‌وتنه‌ سه‌ما له‌گه‌ڵ ده‌نگی هه‌نگاوی تۆ،

وه‌ک ئه‌وه‌ی یه‌کگرتنمان،

شنه‌ی خۆشيی په‌رشبکات به‌سه‌ر زه‌ميندا،و

گوڵه‌کان ساڵ له‌دوای ساڵ، ده‌پشکوێن.

 

له‌نێو گۆرانییه‌کانی هه‌ڵبه‌سته‌وان،

کێشی هه‌ڵبه‌ست باڵ ده‌پێون

بۆ پێشوازی له‌ به‌هره‌کانی ئاينده،

له‌م ژینه‌دا،

شێوازی دیار، له‌گه‌ڵ ناديار

هه‌رده‌م له‌ چاوشارکێدان .

 

~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~

 

په‌نهانییه‌کی به‌رز

ئۆقيانی ئاشتیم له‌پێشدایه‌.

بيبڕه‌، که‌شتيه‌وان، شه‌پۆله‌کانی ده‌ريای به‌رفراوان؛

تۆی هاوڕێی هه‌ميشه‌يی من  –

بێنه‌ باوه‌ش،

ئۆخه‌ی، به‌هه‌ردوو باڵ، بمگره‌ ئامێزم.

وا به‌يانه‌و ئه‌ستێره‌ ده‌دره‌وشيته‌وه

ڕێگا به‌ره‌و ئه‌زه‌ل ڕۆشن ده‌که‌ن.

ئه‌ی خودای سه‌رفرازی،

به‌خشش و به‌زه‌يی تۆ...

بۆمن گه‌نجينه‌ن، خۆراکن ...

له‌مگه‌شته‌مدا به‌ره‌و ڕۆخه‌کانی هه‌میشه‌.

به‌گرێکانی زه‌مینم بۆ ئاواڵه‌بێت‌،و

بوونی مه‌زن له‌ئامێزم بگرێت،

ئه‌وسا ده‌کارم بێترس بکه‌ومه‌ سه‌رڕێی ...

په‌نهانی به‌رز.

 

~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~

 

گۆرانی بۆتۆ

 

1

منت ڕانی به‌ره‌و دۆخی بێپايان  چێژی تۆ له‌وه‌دا دیاره‌.

ئه‌و باده ‌ناسکه‌ی هه‌ميشه‌ تۆ لێی ده‌نۆشیت،و

هه‌میشه‌ پڕيده‌که‌یته‌وه‌ له‌ ژينی ته‌ڕ.

ئه‌و شمشاڵه‌ چکۆله‌ قاميشییه‌ی،

هه‌رده‌م له‌ گه‌شتی ته‌پۆلکه‌و ته‌ختايیدا پێته‌،و

بۆ ئاوازی بێهاوتا فوو به‌کونه‌کانيدا ده‌که‌یت...

به‌ ده‌ستتێوه‌دانێکی ئه‌زه‌ليت،

دڵه‌ چکۆله‌که‌میت له‌ڕاده‌به‌ده‌ر شاد کرد،و

باڵیگرت به‌ره‌و دروودی تارماوي‌.

به‌خششی تۆ بێپایانه‌،و

له‌ ناوله‌په‌ چکۆله‌کانم به‌ولاوه‌، چيتر شکنابه‌م.

ته‌مه‌ن هه‌ر ده‌ڕوا،و تۆ هه‌ر فێنکاییم پێده‌به‌خشیت ...

ئه‌وتۆیش هه‌ر شوێن ماوه‌ له‌چاوه‌ڕوانیی پڕبوون.

 

2

که‌فرمان ده‌ده‌یت گۆرانی بڵێم،

هه‌ست ده‌که‌م وا دڵم له‌خۆشيدا په‌رتده‌بێت،و

که‌ له‌چاره‌ت ده‌ڕوانم،

فرمێسک ده‌په‌ڕێته نێوچاوم،و

دڵته‌نگی‌و نه‌فره‌تی ژينم،

ده‌توێنه‌وه‌،و

ده‌بنه‌ ئاوازی خرۆش،و

وێرده‌کانم،

وه‌ک مه‌لێکی زۆر دڵگه‌ش،

له‌خۆشيدا،

به‌ره‌و سه‌ر ده‌ريا باڵده‌گرن.

ده‌زانم تۆ گۆرانيه‌کانمت پێخۆشه‌،

هه‌روه‌ها خۆم، وه‌ک ئاوازخوێن له‌به‌رده‌متدا ده‌رکه‌وم.

ئه‌وه‌ منم نووکی باڵه‌ قرتاوه‌کانی ئاواز،

له‌و پێیانه‌ی تۆ ده‌خشێنم،

که‌ هيچکات،

نه‌گه‌يشتوومه‌ته‌ ئامانجی دیداریان.

کاتێک به‌ده‌م گۆرانييه‌وه‌ سه‌رخؤش ده‌بم،

خۆم له‌بيرده‌چێت،و

بانگت ده‌که‌م:

تۆ ئه‌ی هاوڕێ،

سه‌روه‌ره‌که‌ی من.

 

3

ده‌نگدانه‌وه‌ی گۆرانییه‌کانم،

چۆنن له‌نێو پۆلی ئاوازه‌کانی تۆدا،

مامۆستاکه‌م؟

هه‌رگيز لێی تێناگه‌م

تۆ گۆشه‌مکه،

‌له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ميشه‌ گوێ بۆ به‌زمێکی بێده‌نگ ڕادێرم.

ئاڕاسته‌ی مۆسيقاکه‌ت،

 ڕۆژگار ڕۆشن ده‌که‌ن‌.

هه‌نيسکی مۆسيقاکه‌ت،

له‌کشاندایه‌، ئاسمانه‌و ئاسمان.

ئه‌و شه‌پۆله ‌پيرۆزه‌ی له‌نێو مۆسيقای تۆوه‌ دێنه‌ده‌ر

ديواری به‌رد ده‌بڕن،و ده‌نگییان ...

تيژو به‌رز، ملی ڕێ ده‌گرن.

دڵپه‌رۆشم بۆ په‌یوه‌ستی گۆرانییه‌کانت

به‌ڵام ئه‌فسووس هه‌ڵپه‌کان به‌و ده‌نگه‌م ناگه‌ێنن.

ده‌مه‌وێت بدوێم، به‌ڵام

له‌ ڕست‌و وشه‌کانه‌مه‌وه‌ گۆراني ده‌رنايه‌ن.

ده‌گريم‌و ده‌ناڵێنم

په‌شۆکاوم.

ئای مامۆستا، چۆن ‌دڵی منت به‌و تۆڕی مۆسيقايه‌

به‌ندکردووه‌،

هه‌تا هه‌تایه‌

 

4

گيانی گيانم،

هه‌رده‌م ده‌کۆشم له‌شی خۆم پاقژ ڕاگرم،

چونکه‌ کاتێک ده‌سته‌ زيندووه‌کانی تۆي به‌سه‌ردا دێت

سستی له‌ سه‌رتاپا ئه‌نداماني ڕاده‌ماڵێت.

هه‌رده‌م ده‌کۆشم،

هۆشم له‌گشت پووچییه‌ک دوورخه‌مه‌وه‌،

چونکه‌ ده‌زانم ...

تۆ له‌نێویدا وزه‌ی ڕاستيي ده‌بزوێنیت.

هه‌رده‌م ده‌کۆشم

گرژی له‌نێو دڵمدا ڕاماڵم،و به ئه‌وين په‌ره‌ به‌خه‌رمانی گوڵ بده‌م،

چونکه‌ ده‌زانم تۆ له‌نێو چمکێکی نادياری ئه‌ودا جێگیربوویت.

هه‌روه‌ک ده‌کۆشم

شکۆی تۆ له‌گشت کاره‌کانمدا بنوێنم

چونکه‌ ده‌زانم، به‌ وزه‌ی تۆ پڕهێز ده‌بن.

 

5

خۆزگه‌ ده‌مبه‌خشیت‌و ده‌هێڵیت له‌ته‌نيشت تۆدا پشوو بده‌م،

تا کاره‌کانی ده‌ستم داونێ بگه‌نه‌ ئه‌نجام.

ئه‌ودڵه‌م که‌ توانای بينينی ڕووتی نییه‌،

نائارمه‌‌،و نه‌سره‌وت.

گشت هه‌ڵپه‌ی من بریتییه‌ له‌یه‌ک دڵۆپ ئه‌شک

له‌ده‌ريای ئه‌شکی بێسنوور

هاوين ئه‌مڕۆ گه‌یشته‌ به‌ر په‌نجه‌ره‌که‌م،و

پووره‌ی هه‌نگی پێشبڕکێکه‌ر

به‌ چربه‌و ‌هه‌ناسه‌بڕکێ‌

بوونه‌ ئه‌وينی چه‌پکه‌ گوڵه‌که‌م.

ئه‌وا کاتی سه‌يرانه‌و ڕووی من به‌ره‌ ڕووته‌،و

ئه‌و گۆرانييانه‌ کاتی هاتووه‌ که‌ ژيان ده‌به‌خشن،

به‌ بێده‌نگی،‌و به‌تاڵایی پڕپێز.

 

6

ئه‌و گۆڵه‌ چکۆله‌يه‌ لێکه‌ره‌وه‌،

خێرا بیبڕه‌ تا سيس نه‌بووه‌،و

گه‌ڵاکانی نه‌وه‌ریونه‌ته‌ سه‌ر خۆڵ.

ئه‌گه‌ر له‌و چه‌پکه‌دا جێی نابێته‌وه‌،

به‌ گوشينی له‌پت ...

ئه‌گه‌رچی ئه‌ويش هه‌ر شانازييه‌،

مه‌یژاکێنه.

لێيکه‌ره‌وه‌، چه‌نکه‌ ...

ده‌ترسم پێش به‌ئاگاهاتنی من،

ڕۆژ ئاوابێت،و

کاتی پێشکه‌شی‌و دياری نه‌مێنێت.

گه‌رچی ئه‌و گوڵه‌ بێڕه‌نگه‌ ...

کاڵ‌و کرچ‌و که‌مبۆن دیاره‌،

با له‌ژێر چاودێری تۆدابێت،

که‌ی پێگه‌یشت،

 لێيکه‌ره‌وه‌.

 

13

لێوم تائه‌مڕۆ ئه‌و هه‌ڵبه‌سته‌ی نه‌چڕيوه، که‌

هێشتا نه‌متوانیوه‌ بيکه‌مه‌ گۆرانی.

ڕۆژانێکه‌ خولیای ڕێکخستنی تار،و

خاوکردنه‌وه‌ی ته‌ڵه‌کانیم،

ناتوانم چاکی بژه‌نم،و

وشه‌کانیشم بۆ ڕێکناخرێت.

ئه‌وه‌ له‌دڵمدا وه‌ک ئاوات ...

قه‌تیس ده‌مێنێ.

ئه‌و خونچه‌یه‌ که‌ هێشتا نه‌پوشکوتووه‌،

له‌به‌ر شنه‌ی بایه‌کدایه‌،

ڕووی نابینم،

گۆێیشم له‌وژه‌ی ئییه‌.

ئه‌وه‌ی له‌به‌ر ماڵه‌که‌مدا ده‌یبیسم،

ترپه‌ی ئه‌سپایی ئه‌وه‌.

زۆر ده‌مێکه‌ ده‌کۆشم له‌م ماڵه‌دا شوێنی دانیشتنی بۆ ڕێکخه‌م،

به‌ڵام که‌ چراکه‌م بۆ هه‌ڵنه‌کرێت،

چۆن بانگیکه‌مه‌ نێو ماڵه‌که‌م.

له‌لای من

شکۆی به‌و گه‌یشتن ...

ژیانه‌،

به‌ڵام دیاره‌

هه‌رگیز ئه‌و پێگه‌یشتنه‌م بۆ ناڕه‌خسێت.

 

102

به‌ڵێ، له‌کۆمه‌ڵدا خۆم هه‌ڵکێشا به‌وه‌ی تۆ ده‌ناسم،

تا ئه‌و ئاسته‌ی،

وێنه‌ی تۆ له‌ڕه‌وشی مندا ده‌بینی.

ئه‌وان به‌گله‌یین،و تانووتم لێده‌ده‌ن

تۆیش هه‌ر له‌دووره‌وه‌ بزه‌ی لێوانت دێیت.

له‌گۆرانییه‌کاندا ناوت دێنم،

نهێنییه‌کانی دڵمت بۆ ده‌رده‌خه‌م.

لێم دێنه‌ پێش‌و ده‌پرسن:

ڕاستمان پێبڵێ؛ ئه‌وه‌ ج بارێکه‌؟

منیش هه‌ر هه‌نده‌م پێده‌کرێت بڵێم:

منیش وه‌ک ئێوه‌ی لێده‌زانم چ بارێکه‌!

ئه‌وان پێده‌که‌نن،و به‌چاوی سووک لێم ده‌ڕوانن.

تۆیش هه‌ر له‌دووره‌وه‌ بزه‌ی لێوم نیشان ده‌ده‌یت!

 

~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~

 

ئاسمانی تۆ نهێنی دڵمه

ئه‌ی ئه‌و ئێشکگره‌ی به‌درێژايی ڕۆژانی ئه‌زه‌ل،و

گوێ ڕادێر بۆ ترپه‌ی هه‌نگاوه‌کانم که‌دێن به‌پیرته‌وه‌.

ڕووی پيرۆزیشت چه‌شنی به‌ره‌به‌يان ده‌دره‌وشێت،و

له‌خه‌رمانه‌یه‌وه‌ تيشکم تێده‌گریت.

که‌ له‌تۆ نزيک دبمه‌وه‌،

کوڵی بزه‌وتی ده‌ریا پتر دێته‌ سه‌ماو ده‌جۆشێت.

ئه‌م زه‌مینه‌ له‌نێو ده‌سته‌کانی تۆدا،

یه‌ک چه‌پک تیشکه‌،

په‌رۆش ده‌خوازێ چنگه‌کانت پڕکات.

خونچه‌کانی ئاسمانی تۆ،

وا له‌دڵی مندا، به‌ ئه‌سپایی،

چرۆ ده‌که‌ن ...

وه‌ک ئه‌وینێکی زیندوو

 

~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~

 

ڕه‌وتی منداڵ

منداڵی ساوا،

ئاگای له‌گشت جۆره‌کانی وشه‌ی ڕاست،

به‌ڵام که‌مکه‌سی سه‌ر ئه‌م زه‌مینه‌،

له‌و ده‌گه‌ن.

بێهووده‌ نییه‌ که‌ئه‌و نادوێ،

ئه‌و تامه‌زرۆی وشه‌گه‌لی سه‌رلێوی دایکه‌ ...

تا فێریانبێت،

بۆیه‌ ساده‌و بێگه‌ردی ده‌بینین.

منداڵ، ئه‌گه‌رچی خاوه‌ن خه‌رمانێکه‌ له‌زێڕو مرواری،

به‌ڵام وه‌ک گه‌دایه‌ک پێی هێناوه‌ته‌ نێو ئه‌م ژینه‌.

بێهۆ نییه‌ که‌ ڕواڵه‌تی خۆی ده‌رناخات،

به‌ڵی، ئه‌و گه‌دا چکۆله‌ ڕووته‌ ...

به‌توانایه‌،

خۆی زۆر زه‌بوون ده‌نوێنێت ...

تا بتوانێت له‌گه‌نجینه‌ی دڵی دایکییه‌وه‌ ...

ئه‌وین هه‌ڵقوڵێنێت.

ئه‌و منداڵه‌ بچووکه‌ ...

ئازاده‌و دوور له‌گشت کۆتێکی سه‌ر ئه‌و زه‌مينه‌ی،

له‌ئاسمانیدا مانگێکی بچووک‌ ده‌دره‌وشێته‌وه‌،

بێهووده ئه‌و ئازادييه ‌‌له‌ده‌ست نادات.

 

~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~

 

بێده‌نگی سروشت

......................،،

،،......................

ئازار ده‌ڵێت: گۆشه‌ی بێده‌نگی قووڵت لێده‌گرم، وه‌ک جێپێی هه‌نگاوی ئه‌و...

گیانی من له‌وڵامدا ده‌ڵێ: من ئه‌گه‌رچی له‌لووتکه‌ی پێگه‌يشتنيشدابم، هه‌ر ده‌مرم ...

کات ده‌ڵی: تيشکی من، ‌گشت چرکه‌يه‌ک خۆی له‌ بيرۆکه‌کانی تۆ ده‌ئاڵێنێ ...

ئه‌وين ده‌ڵێ: کات ده‌گوزه‌رێ‌و من هه‌ر چاوله‌ڕێم ...

مردن ده‌ڵێ: من به‌له‌می ژين به‌ناو ده‌ريای مه‌نگدا ده‌گوزه‌رده‌که‌م ...

 

~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~

 

گۆرانيه‌که‌م

ئه‌م گۆرانیيه‌م ..

مۆسيقای خۆيت لێ ده‌ئاڵێنێت،

چه‌شنی ده‌ستی ئه‌وينی ئاوات.

ئه‌م گۆرانييه‌م، ڕۆڵه‌که‌م ...

ماچ له‌ته‌وێڵی تۆ ده‌گرێت،و

له‌ ته‌نیاییدا ڕاتده‌ژه‌نێت.

گۆرانيیه‌که‌م ..

له‌نێو کۆڕو کۆمه‌ڵدا،

به‌گوێی تۆدا ده‌چرپێنێت.

گۆرانيه‌که‌م  ..

ده‌بێته ‌دوو باڵ،‌و

به‌ره‌و ئاواتت ده‌فڕێنێت ...

تا له‌ڕۆخی په‌نهانیت ده‌رباز ده‌کات.

گۆرانيه‌که‌م ..

وه‌ک ئه‌ستێره‌ی دڵسۆز ڕێنمایی تۆ ده‌کات،و

ڕێگه‌ی شه‌وه‌زه‌نگت بۆ ڕوون ده‌کات.

گۆرانيه‌که‌م ..

له‌نیو بيلبيله‌ی چاوه‌کانت هه‌ڵده‌نيشێت،و

هه‌رکات مردن نووزه‌م لێببڕێ،

ئه‌و له‌دڵی زیندوومدا دێته‌ زمان.

 

~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~

 

هه‌روا تاگوور ده‌ڵێ

هه‌رکه‌سێک هه‌ی ...

ئه‌ی ئه‌وه‌ی له‌پاش سه‌دساڵ ڕسته‌کانی من ده‌خوێنيت.

ناتوانم بۆت ڕه‌وانه‌که‌م ...

گوڵێک له‌به‌ری ئه‌م به‌هاره‌ گوڵاوییه‌.

ته‌نانه‌ت یه‌ک تاڵ ده‌زووی چۆڕاو له‌هه‌وری دوور.

با ده‌رگاکه‌ت له‌سه‌رپشتبێ،

له‌ملاولای خۆت بڕوانه،و

له‌باخی چڕ،

ياده‌وه‌ری بۆنخۆش بچنه ...

که‌ گوڵی وشکی سه‌دساڵه‌یه‌.

دڵخرۆشبه‌ ...

تا ده‌توانیت،

گوێ بۆ شادی زيندوو ڕادێره‌،

گۆرانييه‌یک من له‌به‌ره‌به‌يانی به‌هاردا ده‌مچڕیم.

فه‌رموو، ده‌نگی شاد وخرۆشی خۆت ئاراسته‌که‌،

بۆ قووڵایی سه‌دساڵی پێش.

 

بخور، له‌نێو گوڵاودا ده‌توێته‌وه‌ ...

گوڵاو بخور ده‌توێنێت تا ئاوێته‌ی خۆیی بکات،

ئاواز پێیخۆشه‌ ‌ڕيتم له‌خۆ بگرێت،و

ڕيتم پێیخۆشه‌ جارجاره‌ له‌نێو ئاوازدا خۆ بنوێنێت.

‌له‌نێو وێنه‌دا بيرۆکه‌ بۆ ڕواڵه‌تی خۆی ده‌گه‌ڕێت،و

وێنه‌ له‌نێو بيرۆکه‌دا بۆ سه‌ربه‌ستی ده‌گه‌ڕێت.

هه‌میشه‌ له‌نێو هه‌رگیزدا ده‌ست ده‌گێڕێت،و

هه‌رگیز له‌نێو هه‌میشه‌دا بۆ ئازادی خۆی ده‌گه‌ڕێت.

چ هه‌ڕه‌شه‌یه‌که‌ له‌نێوان پایداکاری‌و وێرانکاری،

ئه‌وه‌یشی که‌وتووه‌ته‌ نێوان بيرۆکه‌و وێنه.

کۆيلایه‌تی دژه‌ به‌ سه‌ربه‌ستيی،و

سه‌ربه‌ستی له‌توێی کۆيله‌ييدا بۆ ئارامی ده‌گه‌ڕێ.

 

خۆشه‌ويسته‌که‌م

به‌ئه‌سپایی هه‌نگاوبنێ،

وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌خه‌ودابیت.

که‌ڕۆیشت،و ده‌رگاکه‌ جيڕه‌ی کرد ...

من ڕاپه‌ڕيم تا پێیبڵێم ...

بگه‌ڕێوه‌، به‌ڵام

خه‌ونه‌که‌ بێقه‌واره‌بوو،

ئه‌و له‌ شه‌وه‌زه‌نگدا توایه‌وه،و

ئه‌وه‌ی مایه‌وه‌، له‌رزه‌ی چراکه‌

له‌دووره‌وه‌ وه‌ک ئاسۆی سوور،

له‌خوێن ده‌چوو.

 

ئای خودا

من حه‌زم له‌ئاسوده‌يی ناو کێڵگه‌ی ئه‌و دارگه‌زانه‌یه‌.

ئه‌وانه‌ی ‌ڕيزبوون تا ڕۆخی ئاسۆ.

له‌و ده‌نگه‌ به‌رگره‌ی له‌نێو شینایی ساماڵدایه‌

له‌و دۆشه‌ که‌ ده‌شنێته‌وه‌ ...

به‌ شه‌پۆلی ئاوازی که‌ناره‌ دابڕاوه‌که‌ی ڕوبار.

واده‌زانم که‌پره‌که‌م له‌به‌ر گێژه‌ڵووکه‌ی بادایه‌،

له‌گشت لاوه، ئاسمانه‌وئابڵووقه‌ی تيشک

ئاسووده‌يی

خۆشی‌وشادی

که‌ گه‌يشته‌ لام ...

په‌يامبه‌رێک،‌ خاوه‌ن مژده‌ی پڕشکۆو ...

ئاواتم خواست پڕهێزم کات.

 

به‌درێژايی چه‌ندین مانگ،و

به‌ نرخی گران،

زۆر وڵات گه‌ڕام،

ده‌مویست ئۆقيانه‌کان ببينم

به‌ڵام ئه‌و دڵۆپه‌ ئاونگه‌ جوانه‌م له‌یاد نه‌بوو، که‌

به‌سه‌ر گوڵه‌گه‌نمی به‌ر ده‌رگای ماڵه‌که‌م بوو ...

 

له‌ به‌ره‌به‌یاندا هاوارم کرد ...

وه‌رن بمکڕن ...

من له‌سه‌ر ڕێیه‌کی ته‌ختدابووم...

شايه‌ک به‌شمشێری ڕووته‌وه‌ ده‌ستی گرتم‌

گوتی:

من وزه‌ی هێز ده‌تکڕم

به‌ڵام، هێزی ئه‌و پوولێکی نه‌کرد،

سواری دووچه‌رخه‌که‌ی بوو

گه‌ڕايه‌وه ...

 

قرچه‌ی نيوه‌ڕۆ ...

ده‌رکی ماڵان داخرابوون

من له‌سه‌ر ڕێگه‌یه‌کی پێچاوپێچ بووم

پياوێک به‌کيسه‌ی زێڕه‌وه‌ هاته‌ سه‌رڕێم،

کیسه‌ی پاره‌کانی هه‌ڵسه‌ده‌سه‌نگان

له‌منی ڕوانی،و گوتی:

من به‌ پاراکانم ده‌تکڕم،

به‌ڵام من هیچ گوێمنه‌دایه‌ ...

 

ئێواره‌بوو

په‌رژينی باخ به‌گوڵ پۆشراو

کيژۆڵه‌یه‌کی جوان ده‌رپه‌ڕی،و

گوتی:

من به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌ی خۆم ده‌تکڕم

به‌ڵام زه‌رده‌خه‌نه‌ی ئه‌و پوکايه‌وه‌،

هه‌ندێک فرمێسکی ڕشت،و

هه‌ر به‌ته‌نياو به‌ تاریکی ...

گه‌ڕايه‌وه...

 

که‌خۆر سه‌ر لمه‌کانی ده‌بريسکانده‌وه،

ده‌ريا شه‌پۆلی به‌که‌ف وکوڵ ده‌شکانه‌وه

منداڵێکی دانيشتوو یاری به‌ گوێچکه‌ماسی ده‌کرد،

سه‌ری به‌ره‌ومن هه‌ڵبڕی،و

وه‌کئه‌وه‌یمن  بناسێت، لێیيوانیم‌و

گوتی:

من به‌خۆڕايی ده‌تکڕم ...

له‌هه‌مان ئه‌وچرکه‌يه‌وه‌،

منی گیرۆده‌کرد به‌ به‌ڵێنێک ...

هه‌ر به‌ده‌م يارييه‌وه‌ به‌ستی،

من به‌وه‌ بوومه‌ ...

مرۆڤێکی ئازاد .

 

ده‌قيژێنن‌، له‌يه‌ک ده‌ده‌ن

بێده‌سه‌ڵات، پاڕانه‌وه‌

هه‌رگیز له‌شه‌ڕوشۆڕ ناکه‌ون.

بڕۆ کوڕم، له‌نێویانبه‌

وه‌ک گڕی ‌تيشک‌،و ڕوونی داغ،

ئه‌فسوونه‌که‌ت سه‌رساميانکات

ئه‌وانی دڵره‌ق،

خۆويست،

چاوچنۆکن

وته‌ی ئه‌وان وه‌ک چه‌قۆی به‌رباخه‌ڵ،

تينوی خوێنه.

بچۆ کوڕم له‌نێويانبه،

له‌نێو دڵی گرژياندابه‌

چاوی به‌زه‌ييت له‌سه‌ريانبێت

وه‌ک ئاسووده‌يی ئاسمانی نيان

باڵ بکێشه‌ ... به‌سه‌ر شه‌ڕوشۆڕی ڕۆژياندا

با له‌ڕوواڵه‌تی تۆ

وردبنه‌وه،و لێتبڕوانن

کوڕه‌که‌م ...

با له‌واتای گشت شته‌کانی تۆ بگه‌ن،

خۆشیانبوێیت،

هه‌روه‌ها يه‌کتر

ئه‌وجا وه‌ره‌وه‌ جێگاکه‌ی خۆت

 

کوڕم له‌ناخ‌و دڵی هه‌میشه‌دا

دڵت بکرێته‌وه

وه‌ک گوڵێکی به‌ره‌به‌يان،

ڕوونه‌ق به‌خش

کاتی ڕۆژئاوابوون

به‌بێده‌نگی کڕنووش به‌ره،و

نوێژه‌کانی ڕۆژت بکه‌

 

~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~

 

له‌نامه‌يه‌کا به‌خۆشه‌ويسته‌که‌ی ده‌ڵێ:

ئه‌گه‌ر ژيانم گه‌وهه‌ر بوايه‌

ده‌مکرده‌ سه‌د له‌ت،

له‌پارچه‌کانی ...

يه‌ک ملوانکه‌م ده‌ڕستده‌کرد

تا ملی تۆی پێ کۆت بکه‌م.

ئه‌گه‌ر گوڵێکی چکۆله‌ی جوانم ببینیایه‌ ...

له‌چڵه‌که‌م ده‌کرده‌وه‌

تا پرچتی پێ بڕازێنمه‌وه‌.

به‌ڵام له‌ژینی مندا ...

دڵه‌ خۆشه‌ویسته‌که‌م ...

ده‌بێ کامه‌بێت سنووری دڵ؟

به‌ڵام دیاره‌ سنووری ئه‌و شانشينه‌ی ...

خۆت شازاده‌ییت،

تۆیش نازانیت.

 

~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~

 

به‌ هه‌ڵبه‌سته‌وانان ده‌ڵێت:

ڕاپه‌ڕه‌و قامچييه‌ک بده‌‌ ده‌ست ئه‌و چڕوچاو ‌چرچ،و

لاڵه‌ بێفه‌ڕانه‌،و

ئاواتێک بده‌ به‌و دڵ شکست،‌و

به‌تاڵ،و

ماندووانه‌،

تا بێنه‌وه‌ سه‌رخۆ‌،و

به‌رگر له‌خۆ.

 

~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~

 

له‌وته‌ نه‌سته‌قه‌کانی راباندرانات تاگوور

ــ له‌مژينه‌دا سه‌رينم نه‌دی به‌ڕاده‌ی ئامێزی دايکم نه‌رم.

ــ له‌زه‌رده‌خه‌نه‌ی ژندا؛ شکۆی ژيان وقه‌شنگی ده‌بينیت،و له‌ چاوه‌کانيدا ژيری وقووڵایی.

ــ پياو له‌کاتی سه‌رخۆشبووندا، کاره‌ساته‌ به‌دڵی ژنه‌وه‌ بيگرێت.

ــ له‌لای ژنی ئه‌ویندار... ئه‌وين ئاینه‌،وخۆشه‌ويته‌که‌ی وه‌ک پيری موغان ده‌په‌رستێ.

ــ باوه‌ڕ به‌ئه‌وين بهێنه‌، ئه‌گه‌رچی تووشی ئازارت ده‌کات.

ــ جوانی؛ واته‌ خۆشه‌ويستی، هه‌رچيیه‌کت تۆ خۆشت ده‌وێ جوانه‌.

ــ ئه‌وين؛ نه‌ ئازار ده‌گه‌ێنێت، نه‌ خۆشی ... به‌ڵکو، هه‌ر ئه‌وينه‌.

ــ له‌دڵدا خۆشه‌ویستی، ئاوت ده‌ڕوێنێت،‌و ده‌بێته‌ ده‌رمانی گشت برین.

ــ شتی بچوک پێشکه‌شه‌ به‌ خۆشه‌ویسته‌که‌م،و گه‌وره‌، به‌گشت که‌سێک.

ــ جێیداخه‌ دانایه‌ک خۆی نادانا نیشاندات،و پێغه‌مبه‌رێک به‌جلی شۆڕو زه‌نگه‌وه‌ له‌ به‌ره‌وڕووی کۆمه‌ڵێکی سه‌رسامدابێت.

ــ نه‌مر ئه‌وانه‌ نین‌ که‌ کاری مه‌زن ئه‌نجام ده‌دن، به‌لکو ئه‌وانه‌ن که‌ ڕێخۆشده‌که‌ن بۆ که‌سانیتر، له‌پاش ئه‌وان، کاری

مه‌زن ئه‌نجام بده‌ن.

ــ هه‌رچی له‌ ڕه‌وشتی مرۆڤ هه‌ڵده‌سه‌نگێنم، زۆرجار،  خۆشه‌ويستيم ده‌چیت بۆ سه‌گ،و ڕێزگرتن له‌ بائه‌مه‌کی ئه‌و.

ــ سوپاسگوزاری ئه‌و چرایه‌به‌ که‌ ڕووناکیت پێده‌به‌خشێت، به‌ڵام چرا هه‌ڵگره‌یش له‌یاد مه‌که‌ که‌ به‌دڵێکی ئارامه‌وه‌ له‌ سێبه‌ریدا وه‌ستاوه‌.

ــ داگيرسانی یه‌ک مۆم له‌شه‌وه‌زه‌گدا، زۆر چاکتره‌ له‌هه‌زارجار نه‌فره‌ت له‌تاريکی.

ــ "بێفه‌ڕی" له‌ "هه‌رگيز"ی پرسی؛ تۆ له‌کوێ ده‌ژيت؟ ... گوتی؛ له‌خه‌ونه‌کانی تاگووردا.

ــ ئه‌گه‌ر ده‌رگا له‌ڕووی ساخته‌و هه‌ڵه‌شۆيی داخه‌یت، ئه‌وا ڕاستيشت پێناگات.

ــ ده‌ته‌وێ له‌مه‌زنی نزيکبیته‌وه‌، ‌له‌ له‌خۆبووربه‌.

ــ بۆ ئه‌مڕۆتت مه‌گری چونکه‌ گشت سامانێکت له‌ئاينده‌دايه‌.

ــ ئاوات ئه‌و مه‌له‌يه‌ که‌ له‌پێش ده‌رکه‌وتنی خۆردا ده‌خوێنێت.

ــ ئه‌و له‌ته‌ نانه‌ی هه‌ته‌ بيفرۆشه‌و به‌نرخه‌که‌ی گۆڵ بکڕه‌.

ــ سپاس بۆ دڕک که‌ زۆر شتی فێرکردووم.

ــ هه‌رگيز ته‌وقه‌ له‌گه‌ڵ مشتی نووقاودا ناکرێ.

 

~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~ ~

 

رابه‌ندرانات تاگوور

ئه‌و فه‌يله‌سوف و دانا مه‌زنه‌ی هيند، ساڵی 1857 له‌ به‌شه‌ به‌نگاڵييه‌که‌ی شاری که‌لکوتتا له‌دايکبووه،‌و له‌نێو بنه‌ماڵه‌که‌ی خۆيدا زانستی وه‌رگرتووه، ‌له‌سه‌ر ده‌سی "ديندرانات"ی باوکی‌و براکانی،‌و‌ دانای نووسه‌ری شانۆيی‌و هه‌ڵبه‌سته‌وان‌ "دڤيجندرانات" که‌ مامۆستای زمانی سانسکريتی، واته‌ زمانی دايک‌و کلتووریي ئه‌و بوو، هه‌روه‌ها ئينگليزیشی لێ فێربووه‌.

که‌ ساڵی 1913 يه‌کهه‌مين که‌سی ڕۆژهه‌ڵاتی بوو خه‌ڵاتی نۆبڵی پێبه‌خشرا، له‌ئاهنگی ئه‌و بۆنه‌يه‌دا وتاريکی خوێنده‌وه‌، تيادا گوتی:

دایکم منی کرد به‌و مرۆڤه‌ی ئه‌مڕۆ ئێوه‌ خه‌ڵاتی ده‌که‌ن. نه‌شیاوه‌ گه‌ر من گومان له‌وه‌ بکه‌م، يه‌کێک له‌سه‌ر خاکه زێڕینه‌که‌ی به‌نگاڵ بژی‌و دايکێکی وه‌ک ئه‌وی منی هه‌بێت، نه‌بێته‌ وێژه‌ر يان ڕۆماننووس ... له‌وکاته‌وه‌ جاوم به‌رانبه‌ر ڕوی ژيری ئه‌و هه‌ڵهێناو، ده‌ستم گه‌یشتووه‌ به‌گشت ئه‌وانه‌ی خواستوومه‌، له‌ ئه‌ستێره‌ ... مانگ ... دره‌خت ... و هه‌ر ئه‌و بووه‌ته‌ هۆی باوه‌ش کردنه‌وه‌م بۆ گشت بوونه‌وه‌ره‌ جوانه‌کانی خواداکرد ... دايکم ئه‌و  يه‌کهه‌م کانی خۆراکه‌بوو که ‌له‌شی  منی بووژانده‌وه‌،و بووه‌ يه‌که‌مين سه‌رچاوه‌ بۆ ڕووناکی دڵ‌و ده‌رونی من ...

ساڵی 1941 که‌تازه‌ جه‌نگێ جيهانگيری دوو هه‌ڵگیرسابوو،و ئينگليز هێشتا خاکی هيندوستانی جێنه‌هێشتبوو، پاکستان‌و به‌نگلادیش هێشتا له‌هيند دانه‌بڕابوون. تاگوور به‌ديدێکی ڕوونه‌وه‌ له‌سه‌ر جێی مه‌رگ ڕاکشاو چاوه‌ڕوانی ماڵئاوايي بوو. له‌ڕۆژی هه‌شتاهه‌مين ساڵڕۆژی له‌دايکبوونيدا، سه‌رهه‌ڵده‌بڕێت‌و ده‌ڵێت:

که‌ چاو به‌ملاولاي خۆمدا ده‌گێڕم، ده‌بينم شاری له‌خۆبايی وا وێران ‌و په‌رش‌ ده‌بێت،و له‌شوێن خۆی کۆمه‌ڵێک به‌ره‌ڵایی‌‌و پڕوپووچی جێدێڵێت. به‌ڵام، ئه‌وه‌ ناگه‌ێنێت من باوه‌ڕم به‌ مرۆڤ نه‌مێنێت، چونکه‌ من له‌ ڕواڵه‌تی ئه‌و مێژووه‌ی ئه‌و بینیویه‌تی ڕۆڵێکی زۆر نوێتر ده‌بینم. هه‌رکات کاره‌ساته‌که‌ به‌سه‌رچێت‌و بار بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ڕه‌ونه‌قی دۆخی خۆی، ئاوازبێت له‌گه‌ڵ ژینی ڕوو له‌ به‌رژه‌وه‌ندی،و خۆبه‌ختي، ئه‌وا سه‌ره‌ڕای گشت کۆسپ وته‌گه‌ره‌یه‌ک، مرۆڤ، ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌ مه‌زنه‌، ده‌گاته‌وه‌ ئه‌وڕۆژه‌ی ‌ڕه‌وڕه‌وه‌ی سه‌رکه‌وتن بگرێته‌وه ‌ده‌ست،و گشت پاشماوه‌ مرۆڤايه‌تييه ‌بزربووه‌کان بدۆزێته‌وه‌.

* * * * * * * * * *

تێبينی: جگه‌له‌، گفتوگؤ له‌گه‌ڵ خودا)  که‌ له‌فارسييه‌وه‌يه‌، گشت ئه‌وانی ترم له‌ماڵپه‌ڕی عه‌ره‌بی جۆراوجۆره‌وه

وه‌رگرتووه‌ که‌ زۆريان ناوی نووسه‌ره‌که‌يم بۆ ئاشکرا نه‌بوو، ‌بۆيه‌ نه‌منووسيون.

 

گۆمه‌يی

ڕه‌شه‌مێ ساڵی  2706