e-mail

 

زه‌‌رده‌شت‌و ئاوێستا

په‌نده‌کانی رابه‌ندرانات تاگور

گه‌لێکی په‌ژمورده‌و نیشتیمانی په‌رت

دادگایی ئه‌نفال

گورگی ته‌ره‌

گۆڕه‌ جووله‌که‌

ماڵپه‌ڕی کوردی

ماڵه‌وه‌

 

>>>  گه‌ڕانه‌وه  <<<


کۆمەڵەی کوردستانی شاری ئێسکلیستوونا لەوڵاتی سوید، ئەمڕۆ ١٦/ ٣/ ٢٠١١ کاژێر ١٨،٠٠ بۆ ١٩،٣٠ کۆڕێکی لەمەڕ یادی مەرگەساتەکەی شاری هەڵەبجەی شەهیدی گێڕ لەهۆڵی ABFی ئەو شارە، لەبەر تیشکی ٢٣ مۆمی داگیرساودا و بە ناونیشانی (پێشلەوەی بپرسم.. تاکەی کیمیابارانەکەی هەڵەبجەو پرۆسەی ئەنفال هەر لەدۆخی یادکردنەوەدا دەمێنێت؟)

شایانی ئاماژەیە، بەشداربووان ئەندام‌و چالاکوانی زۆر لایەن‌و کۆمەڵەی کوردی‌و کوردستانیی تری شارەکەبوون، بۆیە ڕەنگی کوردستانی گەورەیان بەخشی بەکۆڕەکەمان، زۆر سپاسیان دەکەین‌و ئاواتەخوازین هەردەم ئەوتۆ یەکدەنگ‌و یەک ڕەنگیمان پێوە دیاربێت.

پاش یەک خولەک وەستان بۆ دروودو ڕێز لە ڕەوانی پاکی قوربانییانی هەڵەبجە (گۆمەیی) وەک بەرپرسی کۆمەڵە بەم وتانە هاتەگۆ:ـ

سەری دروود شۆڕدەکەم بۆ ڕەوانی پاکی شەهیدی مەرگەساتەکانی هەڵەبجەو دەرسیم، کوشتارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌و ڕۆژئاوای، ئەو ئەنفالەی سەددام لە کۆتایی سەدەی بیستهەمدا کردی‌و ئەوانەی لە سەدەکانی تری مێژوودا بەمەبەستی قڕکردنی میللەتی کورد بووە،، هەروەها بۆ سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی میللەتەکەم بەتایبەتی‌و شەهیدانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی جیهانییان بەگشتی.

ئەوجا ئەوەی لەمێسکمدا قەتیس ماوە پرسێکە لەو ڕامیارزانە کوردانەی ناویان سیاسەتمەدارە.. لەوانەی لەبەردەم کامیرای تەلەڤزیۆنەکاندا هەریەک بەشێوەیەک وتەی قورس‌و فرمێسکڕێژ بە بینەران دەفرۆشن بەڵام وەکتر ئەوەیان لەباردا نەبووە کۆڕ ببەستن بۆ دۆزینەوەی جۆرە دۆزو پلانێک کار بکاتە سەر کەسانی دەسەڵاتدار لە پەرلەمانی ئەو وڵاتانەی تێیدا دەژین‌و لەڕێی ئەوانیشەوە کار بکەنە سەر دەزگا نێونەتەوەییەکانی مافپارێزو زلهێز.

لەوانەیش دەپرسم کە ساڵانێکە بوونەتە ئەندام پەرلەمان لەو وڵاتانەی نەتەنها مرۆڤ تێیدا خاوەن مافە بەڵکوو تەنانەت مەل، ئاژەڵ‌و ڕوەکیش ئەوپەڕی ڕێزیان لێدەگیرێت..

گومان لەوەدا نییە کە ٢٥ تا ٣٥ ساڵ لەمەوبەر سەدان کوردی چالاکوان‌و ئەندام لەڕیزی پارتە جۆربەجۆرەکانی کوردستان ڕوویان لە هەندەران کردووە، هەندێکیان لە وڵاتانی ڕۆژئاوای سەرمایەدار گیرساونەتەوەو ناسناوی پەنابەری ڕامیارییان لێنراوە، نزیک بەو ژمارانەیش بوون بە میوان لە سۆڤیەت‌و وڵاتانی سۆشیالیستیی ئەوروپای ڕۆژهەڵات، ئەوانەی بە پارێزەری چینی چەوساوە دەناسران، پاش ئەو قۆناغەیش تاخمگەلی تر ئاوارەبوون، بەتایبەتی پاش کیمیابارانەکەی ساڵی ١٩٨٨ی شاری هەڵەبجە کە دواقۆناغی ئۆپەراسیۆنەکانی پرۆسە بەدناوەکەی ئەنفالی ڕژێمی بەعس بوو لە باشووری کوردستان، بەتایبەتی ئەو ژمارە زۆرەی لە باشووری کوردستانەوە پاش ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ هەڵهاتن، هەروەها ئەوانەی لەگشت بەشەکانی تری کوردستانەوە لەدەست چەوری ڕژێمە داگیرکەرەکان هەڵهاتوون، ئەگەر کۆی ژمارەی ئاوارەبوو نەگەیشتبێتە یەک ملیۆن، گومان لەوەدا نییە کە بە سەدان هەزار کورد دەبن لەم وڵاتانە زۆر لەوان یان لە نەوەکانیان ئەمڕۆ گەیشتوونەتە ناوەندی دەڕشتنی بڕیارو ناو هۆڵەکانی وڵاتانی پەنادەر، ئەوانە کاتی خۆ کاندید کردن بۆ پۆستەکان مێشکی کۆمەڵانی ئاوارەبوو ختووکە دەدەن بە هەندێک خاڵی کاریگەری وەک "تێکۆشن بۆ بە جینۆساید بڕیاردانی کارەساتەکانی هەڵەبجەو ئەنفال" یان ڕیکلامی بریقەداری تر بەڵام پاش گەیشتن بە ئامانجی خۆیی ئامانجە نەتەوەییەکان لەیاد دەکەن یان لەبرییکۆڕو کۆشش بۆ پێکهێنانی لۆبییەکی کوردستانی، لەسەر بیری جیاواز دەکەونە بەربەرەکانێ‌و پاشقول لەیەکتر گرتن، تەنانەت تێیاندا هەیە لەبەر نەیاری بە لایەنێکی کوردی، مێشکی دەسەڵاتدارانی خانەخوێ لەکەدار دەکات بێلەوەی بیر لەو هەڵوێستەی بکاتەوە کە دەبێتە هۆی ڕوشان‌و زیان گەیشتن بە پرنسیپە نەتەوەییەکانی.

گشتمان لەو ڕاستییە بەئاگاین کە پرۆسە بەدناوەکەی ئەنفالی بەعس بە ئامانجی قڕکردنی بنەچەی کوردو سووتانی خاکی کوردستان‌و هەڵتەکاندنی ژێرخانی ئابووری‌و لاوازکردن‌و سڕینەوەی کەلتوورو کەلەپووری ڕەسەنی کورد بوو. بێگومان مەبەس لە ئەنفال هەڵکۆڵینی ئەوتۆبرین بوو لە جەستەی کورددا هەرگیز توانای ساڕیژبوونی نەبێت.

سەرئەنجام وێڕای پرس لە بەرپرسانی نێو تۆڕی دەسەڵات لە کوردستان، بە مێدیاو کەناڵەکانی تەلەڤزیۆنی کوردی دەڵێم، با بەسبێت کولانەوەی برینی زامدارانی ئەنفال‌و هەڵەبجە کە ٢٣ ساڵە هەمان قەوان‌و فلیمی هەست برینکەر بۆ ئەو کەسانە لێدەدەنەوە کە خویان بە گڕی قەیرانەکە هەڵقرچاون، چاکوایە لەبری برین کولانەوە پەنا بە کەسانی پسپۆری دەروونناس‌و پرۆگرامی دەروون هێوەرکەر برینەکانیان ساڕێژکەن نەبا پتر تووشی هیستیریاو جۆرەکانی تری نەخۆشی ببن.

با گشتمان یەکدەنگ بکۆشین بۆ بە جینۆساید ناساندنی مەرگەساتە میلییەکانمان..

لە کۆتاییدا دڵێم.. هەزاران هەزار سڵاو لە ڕەوانی پاکی:

ــ ئەو ڕٶڵە کوردەی لە منداڵدانی دایکیدابوو.. ئەنفالکرا؟!

ــ ئەو ساوایەی لەبری شیر خوێنی مەمکی دایکی دەمژی.. ئەنفالکرا؟!

ــ ئەو ڕۆڵەیەی دەمی داچەقان تا جوبریل فووی پێدا بکات.. فریا ینەکەوت.. ئەنفالکرا؟!

ــ ئەو پیرەمێردو پیرێژن.. کچ‌و کوڕی هەرزەکار.. ژن‌و پیاوی دوور لەیەک زیندەبەچاڵکراو.. ئەنفالکران؟!

ــ ئەوانەی نە کوژەرەکەی خۆیان دەناسی، نە زانییان بۆ مردن؟!

سەرئەنجام لەگشت ئەو مرۆڤ، سروشت، ئاژەڵ، ڕوەک، مارومێروو، بووەو کاڵا بێگیانەکانی لە هەرکات‌و شوێنێک دووچاری ئەنفال بوون؟!

..........................

پاش بەرپرسی کۆمەڵە

ــ مامۆستا هیوا ڕەشید وەک شایەتحاڵی مەرگەساتەکەی هەڵەبجەهەندێک ڕوونکردنەوەی لەبارەی ئەو ڕۆژەو ئامۆژگاریی بەسوودی پێشنیارکرد لەبۆ یۆبلیۆمی ٢٥ ساڵەی یادی هەڵەبجەو ئەو پێشنیارەی دوێنێ لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ ڕۆژنامەی FOLKETی سویدی پێشنیاری کردووە کە مەرگەساتەکانی ئەنفال‌و هەڵەبجەیش چەشنی پرۆسەی قڕکردنی جووەکان لەلایەن هیتلەرەوە بخرێنە وانەکانی خوێندن لە وڵاتی سوید.

ــ بەڕێز عەزیز ئاڵش کە بەرپرسی ئینسیاتیڤی کوردە لە سوید هەروەها ئەندامی ئەنجومەنی هەرێمی سوێرملاندە وتارێکی لەسەر کارەساتەکە خوێند تێیدا دەریبڕی کە ئەو مەرگەساتانەی ئەمڕۆ بۆ بیرەوەرییان دانیشتووین هینی گشت نەتەوەی کوردەو برینەکەی لە تاکە یەک جەستەدا هەڵکەنراو، ئەویش کوردەو بەس.

ــ کاک محەمەد سەیزادە چەند کۆپلە هۆنراوەی خۆیی لەسەر هەڵەبجەو ئەنفال خوێندەوە تێیدا هاتە سەر زامە قووڵەکانی لە جەستەی نەتەوەی کورددان.

ــ بەڕێز ساڵح قەیتوولی وەک ڕٶڵەی خێزانێکی خاوەن چەندی قوربانیی ئەنفال کورتە وتەو کۆپلەیەکی لە ڕێکخستنی خۆی بۆ هەمان بۆنە خوێندەوە.

ــ بەڕێز فیرات نەمروود کە ئەندامێکی دێرینی کۆمەڵەکەیەو ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیی ئێسکلیستوونایە هەندێک تێبینی لەسەر پرۆسەکەو بەهەند زانین بۆ بە جیهانی کردنی وەک کێشەی نەتەوەیی خستەڕوو.

ــ خوشکە شەرافەت قاسم نەژاد وەک ئەندامی کۆمەڵەو چالاکوان لەبواری ژنان، هەروەها ئەندام لە یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە ئەوروپا بە هەمان شێوەی برایانی پێش هەستی دەربڕی.

سەرئەنجام بەرپرسی کۆمەڵە سوپاسی ئامادەبووانی کرد، لەنێویاندا ئەو تاخمە لاوەی ماوەیەکە بە بیروبۆچوونی جیاوازەوە ئاپۆرەیان بەستووەو بەوپەڕی لەخپبوورییەوە دەخوازن سوود لە ئەزموونەکانی ئێمەی بەتەمەن ورگرن.

بێگومان لەسەرەتاوە تا کۆتایی ئەو وێنانەی وارەوە بەشێوەی سلاید لەسەر دوو مەتر پان نمایش دەکرا

کوردستان نێت

16/ 3/ 2011

 


>>>  گه‌ڕانه‌وه  <<<